سەرۆک ترامپ: دەبێت ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە شێتەکان بە چەکی ناوکی دروستی دەکەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی "بۆ پاراستن و بەهێزکردنی مەزنایەتی ئەمەریکا" پێویستە ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببنەوە کە "کەسانی شێت بە چەکی ئەتۆمی" دروستی دەکەن.

سەرۆک ترامپ ئەم قسانەی لە وەڵامی پێشکەشکارێکی فۆکس نیوزدا گوت کە پرسیاری لەبارەی بۆچوونی بەشێک لە دەنگدەرانی ئەمەریکایی سەبارەت بە ململانێ دەرەکییەکانی لێکرد.

ترامپ بە ئاماژەدان بە هێزی باڵای چەکی ئەتۆمی جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بە "کەسێکی شێت یان ئایدۆلۆژیایەکی شێت" بدرێت ئەو جۆرە چەکانە بەدەست بهێنێت.سەرۆک ترامپ مەبەستی لە کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بوو.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها بە ئاماژەدان بە کۆماری ئیسلامی گوتی "کەسانی شێت لە ئێران کەوتبوونە سەر ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی و دەیانتوانی هەڕەشەی ڕژد بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و ئەمەریکا دروست بکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی ئەگەر ساڵی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو ئەنجام نەدرابا، کۆماری ئیسلامی تا ئێستا چەکی ئەتۆمی بەدەست هێنابوو و ڕەنگە بەکاری هێنابا.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی پێشتر کێشەی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی وەک سعودیە، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت و عومان نەبووە، بەڵام 1400 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کراوە. گوتیشی ئەگەر کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی بەدەست هێنابا، دەیتوانی دژ بە ناوچەکە بەکاری بهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەدا ڕەخنەی لە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ حکوومەتی ئێران لە سەردەمی ئەودا بە "هەڵە" ناوبرد و گوتی کە ئەو ڕێککەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها گوتی "هێزەکانی ئەمەریکا، هێزی ئاسمانی و سیستەمی مووشەکی کۆماری ئیسلامییان لەناوبردوە" و ئاماژەی بە گرنگی لەناوبردنی موشەکهاوێژەکان کرد و گوتی "ناتوانیت موشەک لە پەنجەرەوە فڕێ بدەیتە دەرەوە."

سەرۆک ترامپ گوتی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تەواوی بێتوانا بووە و ئەمەریکا 154 کەشتی ئەو وڵاتەی لەناوبردووە کە کەشتی زۆر باش بوون.

سەرۆک جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کارانە بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی ئەمەریکا و هەروەها خزمەتێک بۆ جیهان، ئەنجام دراوە.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە وەستانی 10 ڕۆژە بۆ لەناوبردنی وێستگەکانی کارەبای ئێران، دانوستانەکانی ئێستای بە "ئەرێنی" ناوبرد و ڕایگەیاند دەرئەنجامەکانی هێشتا ڕوون نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا "لە هەندێک ڕووەوە پێشتر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە" و توانا سەربازییەکانی ئێران زۆر لاواز بووە.