ڕوبیۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری پێشمەرگە کوژراوەکان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی واشنتن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کردووە وپرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستە کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کردووە کە لە هێرشەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە.

تۆمی پیگۆت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە مارکۆ ڕوبیۆ لەو پەیوەندییەدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە دەربڕیوە کە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە 24ی مانگی سێدا کوژران و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ ئەو کەسانەش خواستووە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، دژی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و ژێرخانی وزە لە عێراق بە توندی شەرمەزار دەکات. دووپاتیشی کردووەتەوە بەردەوامی ئەو هێرشانە هەڕەشەیەکی ڕژدە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە.

ڕوبیۆ هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە لە ئاسانکاریکردنی ڕۆیشتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق- لەنێویاندا نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە واشنتن ئەم هاوکارییە بە گرنگ دەزانێت بۆ ئاسایشی وزەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ئابووری عێراق.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییە و چالاکییەکانی بریکارەکانی تاران لە عێراق زیادی کردووە. لە هەمان چوارچێوەدا واشنتن جەختی لەسەر پێویستی کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییە هاوبەشەکان کردووەتەوە.