ئیمارات دەڵێت بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە

دەسەڵاتدارانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، ڕایانگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە دوو کەس بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تەقاندنەوەی موشەکی بالستیکی ئێرانەوە کە لەڕێگەی سیستەمی بەرگریەوە لە ئەبوزەبی خرابوونە خوارەوە گیانیان لەدەستداوە .

ئاژانسی هەواڵی ئیمارات بڵاویکردەوە، پارچەیەکی تیژی مووشەکەکەی کە ڕێگری لێکرابوو بووەتە هۆی کوشتنی دوو کەسی بە ڕەچەڵەک هیندی و پاکستانی و سێ کەسی دیکەش کە بریندار بوون کە یەکێکیان ئیماراتی و یەکێکیان هیندی و ئەوی تریش ئوردنی بوو.

مووشەکەکە بەشێک بووە لە هێرشێکی فراوانتر کە لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراوە، وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەکانی بە گشتی 15 مووشەکی ئێرانی و 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە.

لە بەحرەینیش سوپای وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی هێرشێکی ئێرانی لە شاری موحەڕەق ئاگرکەوتووەتەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، سعودیە ڕایگەیاند لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە زیاتر لە 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتەخوارەوە .

لە کوەیت، لەشکر ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان دەداتەوە.

ئیمارات، کوێت، بەحرەین، سعودیە، قەتەر و ئوردن بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە وە هێرشەکانی ئێرانیان بە "تاوانکاری" ناوبرد بۆ سەر دامەزراوە و ژێرخانی وڵاتەکانیان . ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم کارەی ئێران "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری، یەکپارچەیی خاک، یاسای نێودەوڵەتی، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە". هەروەها شەش وڵاتی کەنداو ئەوەیان دووپاتکردەوە کە دەڵێن "مافی خۆیانە بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریمان."

ئێران وڵاتانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە ئامانج لەو کاتەوەی لە 28ی شوباتدا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا خامنەییان کوشت.