جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران

ڕۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت دووبارە بەرزبووەوە و بازاڕە داراییەکان دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران هیچ نیشانەیەکی پێشکەوتنی گەورەی پێوەدیارنیە.

ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەڕێگەی پەیامەکانەوە بەڕێوەدەچن کە لەلایەن پاکستانەوە دەگوازرێنەوە و تورکیا و میسریش پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکە دەکەن.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: دەبێت دانوستانکارانی ئێران "جدی بن" پێش ئەوەی درەنگ بێت و هۆشداری دەدات کە "هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە" نییە لە پاشدا.

ئەمەش نیگەرانی وەبەرهێنەران لە ململانێیەکی درێژخایەن دروست دەکات.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دیسانەوە بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە گەشتە 93 دۆلار و 45 سەنت ، بەو هیوایەی ئەگەری ڕێککەوتنی ئاگربەست هەیە لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا .

ئایندەی پشکەکانی ئەمەریکا دابەزی، ئەمەش دوای فرۆشتنی پێوەرەکانی ئەوروپا و ئاسیا. گروپی سیاسەتی جیهانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، یان OECD دەڵێت، ئەگەر قەیرانی وزە خراپتر بێت و بەهۆی ململانێکانەوە درێژە بکێشێت، بۆی هەیە ئابووری جیهانی ڕووبەڕووی پاشەکشەی بەرچاو بێتەوە بۆ وە ئەگەری هەڵئاوسانی ئابووری زیاد بکات.

جارێکی دیکە داهاتی بۆندەکانی حکومەتی نێودەوڵەتی خێراتر بووەوە، چونکە بازرگانان و وەبەرهێنەران نیگەرانن لەوەی ڕێژەی سوود بە بەرزی بمێنێتەوە. دۆلار بەهێز بوو و نرخی زێڕیش دابەزی.

بازرگانان ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیکەوە چاودێری قسەکانی چەندین کاربەدەستی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا دەکەن بۆ کۆکردنەوەی تێڕوانینێک سەبارەت بە لێکدانەوەی بانکی ناوەندی بۆ فشارە ئابوورییەکان وە مەترسی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی شەڕەوە

لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لەشکری وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران لە 28ی شوباتەوە، ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و کەنداوی فارسدا پەکی کەوتووە بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیەکان.

جێی ئاماژەیە ئەوروپا و ئاسیا زۆر پشت بە گەرووی هورموز دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستی نەوتیان ، کە 20%ی هەناردەکردنی نەوتی جیهان و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بەم ڕێڕەوەدا دەڕوات.