براد کوپەر: کوشتنی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە

براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم، کوشتنی عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، وەک خاڵی وەرچەرخان لە کەمکردنەوەی هەڕەشە دەریاییەکان ناودێر دەکات.

کوپەر لە بەیاننامەکەدا کە لە هەژماری سێنتکۆم لە ئێکس بلاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە تەنگسیری کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کردووە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە سیاسەتە شەڕانگێزەکانی ئەو هێزەدا گێڕاوە.

وتیشی لەو ماوەیەدا هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئەو هەزاران دەریاوانی بازرگانییان هەراسان کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون و سەدان کەشتیشیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی خۆکوژی بە ئامانج کردووە.

فەرماندەی سێنتکۆم هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تەنگسیری پێشتر لە مانگی شەشی ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی خزێنەی ئەمەریکاوە وەک "تیرۆریستێکی جیهانی دیاریکراوی تایبەت" دەستنیشانکرابوو و لە ساڵی 2024دا سزای زیاتری بەسەردا سەپێنرا بەهۆی ڕۆڵی لە پەرەپێدانی بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان.

کوپەر لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنەوە نزیکەی لەسەدا 92ی کەشتییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێران لەناوچوون. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانە هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی کاریگەر توانای خۆی لەدەست داوە بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵات و کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش.

ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا بە لەدەستدانی سەرکردەی دێرینی ئەم هێزە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران کەوتووەتە سەر ڕێگایەک کە هیچ گەڕانەوەیەکی تێدا نییە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاندووە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەم هێزە بەردەوام دەبێت. هەروەها هۆشداریشی دایە هێزە چالاکەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کە ئەرکەکانیان بەجێبهێڵن و بە زووترین کات بگەڕێنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە "زیان و مردنی ناپێویست" بەدوور بگرن.