فەرماندەیەکی باڵای هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەکوژرێت

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند لەشکری وڵاتەکە ڕۆژی چوارشەممە عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و چەند سەرکردەیەکی باڵای هێزی دەریایی ئیرانی کوشتووە.

کاتز لە پەیامێکی تۆمارکراودا لە میانی هەڵسەنگاندنێکی بارودۆخەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دامەزراوەی بەرگری ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ وتی، عەلیرەزا تەنگسیری کە لە "ئۆپەراسیۆنێکی ورد و کوشندە"دا کوژرا، بەرپرسیار بوو لە بۆبڕێژکردن و داخستنی تەنگەی هورمز بۆ هاتوچۆیی کەشتیوانی.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتیشی "ئەمە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو ئەندامانی باڵای ڕێکخراوی تیرۆریستی ئێران، ئەو سوپای پاسدارانەی کە ئێستا ئێرانی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە: ئیسرائیل ڕاوی ئێوە دەکات و یەک بە یەک لەناوتان دەبات."

چەند سەرچاوەیەک بە ئورشەلیم پۆستیان ڕاگەیاندووە کە لە بەندەر عەباس کوژراوە.

لەوەتای ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران لە کۆتایی مانگی دووەوە دەستیپێکردووە دەیان سەرکردەی سوپای پاسداران و سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژراون بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکەشەوە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران هێزی دەریایی لەناوچووە.