عەبدوڵا موهتەدی: هەتا ئێستا پەیوەندییەکی جدی لە نێوان ئەمەریکا و حزبە کوردییەکانی ئێران بەدی نەهاتووە

سکرتێری گشتی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی پێشهاتە ناوچەییەکانی کرد لە سۆنگەی ئەو هاوپەیمانییەی حزبە کوردییەکان پێکیان هێناوە.

ئەم چاوپێکەوتنە لە هەلومەرجێکدا ئەنجامدراوە کە لایەنە کوردییەکان، هاوکاتی گوشارە سەربازییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەریان، هەنگاوی هاوئاهەنگتر دەدەن بۆ هاوکاریی سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەیاندا.

عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی حزبی کۆمەڵە، لە بەرامبەر ڕەخنەکان سەبارەت بە نەبوونی هەنگاوی کردەیی هاوپەیمانییەکە، دۆخی ئاسایشی بە بەربەستی سەرەکی زانی و ڕایگەیاند لایەنە کوردییەکان بەردەوام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. وتی، "لەوەتای هاوپەیمانی پێکهاتووە، ئێمە و حزبەکانی دیکە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و بوردومانی کۆماری ئیسلامین و کەوتووینەتە دۆخێکی نائاساییەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

هاوپەیمانی یان نمایش؟ وەڵامی عەبدوڵا موهتەدی: هاوپەیمانی حزبە کوردییەکان پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایەنە


سکرتێری گشتی حزبی کۆمەڵە جەختی لەوە کردەوە کە تەنانەت لە هەلومەرجێکی وادا هەوڵەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا بەردەوام بوون وتیشی، "لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی باشمان هەڵگرتووە و بە بەردەوامی کۆبوونەوەمان هەبووە و لە هەوڵیشداین بۆ پەسەندکردنی پەیڕەوێکی ناوخۆیی."

عەبدوڵا موهتەدی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لایەنە کوردییەکان ئامادەن بە تەنیا بە بێ پشتیوانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران ببنەوە، وتی "لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە ئامادەییمان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵام ئێمە هەمیشە لە دۆخی بەرگریدا بووین و هەوڵی هێرشمان نەداوە."

سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، سکرتێری گشتی حزبی کۆمەڵە وتی،"ئەگەر دانوستان بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە ئەمەریکا بۆ ئێرانی دیاری کردووە، بە زەحمەتی دەزانم ڕێککەوتن بکرێت...ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت و ڕژێم ڕازی بێت خۆی بە دەستەوە بدات و ئەو خاڵانە قبوڵ بکات، ئەوا خەڵک چیدیکە ئەو ڕژێمە قبوڵ ناکەن."

لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا، بەڕێز موهتەدی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دۆناڵد ترامپ یان تیمەکەی هەرگیز پەیوەندییان بە لایەنە کوردییەکانەوە کردووە بۆ هاوکاری، سکرتێری گشتی کۆمەڵە ڕایگەیاند، "هەتا ئێستا هیچ پێوەندییەکی جدی لەو بارەیەوە نەکراوە کە ئێمە بتوانین بە ئەنجامێکی دیاریکراو بگەین."

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا عەبوڵا موهتەدی باسی لە سروشتی هاوپەیمانییەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و درێژخایەنە. بە وتەی ناوبراو، حزبە کوردییەکان بڕیاریان داوە لانیکەم هەتا دوای کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی هاوپەیمانیی خۆیان بپارێزن و وتی"لانی کەم هەتا هەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستانێکی ئازاددا ئێمە هەر هاوپەیمان دەمێنین."

ئەم گفتوگۆیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هاوپەیمانی لایەنە کوردستانییەکان چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا ئەو لایەنانە وەک هاوپەیمانییەکی هاوبەش کار و هەماهەنگی دەکەن. بەڵام هاوپەیمانییەکە لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی بارودۆخی ئاسایشی و پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی ڕژد دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا، جەختکردنەوە لەسەر سروشتی ستراتیژی ئەم هاوپەیمانییە و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی چوارچێوە دامەزراوەییەکانی وەک ڕێسا ناوخۆییەکان ئاماژەیە بۆ ویستی ئەو لایەنانە بۆ پاراستن و قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان بەرەو یەکگرتوویی زیاتر.