کۆشکی سپی: ئەگەر ئێران شکست قبوڵ نەکات، ئەوا هێرشی زیاتری دەکرێتە سەر

وتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلین لێڤت

کارۆلین لێڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر بڕیاری هێرشی زیاتر دەدات ئەگەر تاران نەتوانێت قبوڵ بکات کە "لە ڕووی سەربازییەوە شکستیان هێناوە".

لێڤت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "سەرۆک ترامپ لە خۆڕا قسەناکات و ئامادەیە دۆزەخیان بەسەردا هەستێنێت. ئێران نابێت جارێکی تر لێکدانەوەی هەڵە بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێران نەتوانێت ڕاستی ئەم ساتەوەختە قبوڵ بکات، ئەگەر تێنەگەن کە لەڕووی سەربازییەوە شکستیان هێناوە، و بەردەوامیش دەبن، سەرۆک ترامپ دڵنیایان دەکاتەوە کە وا لێیان دەدرێت هەرگیز نەیانبینیبێت پێشتر."

لێڤت ئاماژەی بەوەش کرد هەتا ئێستا زیاتر لە 9 هەزار ئامانجی دوژمن پێکراوە " زیاتر لە 140 کەشتی هێزی دەریایی ئێرانمان لەناو بردووە، لە ناویاندا نزیکەی 50 کەشکی بۆمبڕێژکردن. ئەمە گەورەترین زیانی هێزی دەریایی بووە لە ماوەی سێ هەفتەدا لەوەتای جەنگی جیهانی دووهەمەوە."

لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەچێتە چوارەم هەفتەیەوە، هەوڵی چەندین وڵاتی وەک پاکستان، تورکیا و میسر هەبووە بۆ نێوەندگیریکردنی دانوستانێکی ئەگەری بۆ هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەڵام نادڵنیایی بەردەوام بوو لەسەر ئەوەی لە کوێ و کەی هەر دانوستانێک بەدی دێت.

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێران هێشتا پێداچوونەوە بە پێشنیارێکی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، سەرەڕای ئەوەی وەڵامدانەوەی سەرەتایی نەرێنی بوو. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران تا ئێستا لە بە ڕاشکاوانە پێشنیازەکەی ڕەت نەکردووەتەوە.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی گوتیشی دانوستان لەگەڵ ئێراندا هێشتا لە ئارادایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "گفتوگۆکان بەردەوامن. بەرهەمدارن، وەک سەرۆک ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی پێکرد، بەردەوامیش دەبن." گوتیشی ئەوەیش لە میدیاکاندا بەرچاوی کەوتووە کە باس لە 15 خاڵ دەکرێت و هۆشداری دا بە میدیاکاران کە بە وریاییەوە ڕاپۆرت لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کەبە ناوی نادیارەوە بڵاو دەکرێنەوە.

کارۆلین لێڤت گوتی "کۆشکی سپی هەرگیز هەموو ئەو پلانانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەندێک بەشی ڕاستیان تێدایە بەڵام هەندێک لە شتەکانی کە خوێندمەوە ڕاستی تەواویان تێدا نییە."