ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ، هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو شەرمەزار کرد.
ئەم ئەنجومەنە، بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بە کۆی دەنگ، هەموو هەنگاوێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ "داخستن، تێکدان یان دەستتێوەردان" لە هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز ئیدانە کرد.
ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆبوونەوەیەکی خێرادا کە ڕۆژی چوارشەممە 25ی مانگی سێ بە داواکاری وڵاتانی ناوچەی کەنداو لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، بڕیارنامەیەکی پێشنیارکراوی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، سعودیە، عەمان، قەتەر و کوەیت پەسەند کرد.
ئەم بڕیارنامەیە وێڕای ئەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە "بە توندترین شێوە" سەرکۆنە کردووە، نیگەرانی خۆی لەسەر هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەش دەربڕیوە.
لە بڕگەکانی دیکەی ئەم بڕیارنامەیەدا هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ ئیدانە کراوە و لە کۆماری ئیسلامی ئێران داوا کراوە کە زیانەکانی بەهۆی هێرشەکانییەوە "بە خێرایی" و "بە شێوەیەکی گونجاو" قەرەبوو بکاتەوە.
پێشتر ڤۆلکەر تورک، بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتبووی کە "وڵاتان بە زیادبوونی ژمارەی مووشەکەکان، ڕووبەڕووی کارەساتێکی تەواو دەبنەوە".
ئەو هەروەها لەسەر مەترسییەک کە بەم شێوەیە هەڕەشەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەولاتریش، هۆشداری دابوو.
لە کۆبوونەوەی ئاوارتەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا سەبارەت بە هێرشی سەربازی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کە ڕۆژی چوارشەممە 25ی مانگی سێ بەڕێوەچوو، ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژێرخانەکانیان ڕووبەڕووی "هەڕەشە لە هەبوونیان" بوونەتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ گوتبووی دەکرێت ئەم هێرشانە بچنە خانەی "تاوانێکی جەنگی"یەوە.
شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ماوەی نزیکەی یەک مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی بەرفراوانی ئێران بە شێوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە و مەدەنی لە وڵاتانی کەنداو، کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ناسر عەبدوڵا هەین، باڵیۆزی کوەیت لە ئەنجومەنەکە لە ژنێڤ گوتی "ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕژد بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بووینەتەوە. ئەم ڕەوتە هێرشبەرانە زیان بە یاسا و دەسڵاتی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت".
وڵاتانی دیکەی کەنداویش ڕایانگەیاند کردەوەکانی ڕژێمی ئێران بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس داڕێژراون. باڵیۆزی ئیمارات، جەمال جومعە ئەلمەشارخ، کردەوەکانی حکومەتی ئێرانی بە هەوڵێک بۆ ناسەقامگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رێگەی ساز کردنی مەترسی بێباکانە و فراوانخوازایەوە زانی.
وڵاتانی ئەندامی ئەم ئەنجومەنەی 47 ئەندام بە پێشنیاری بڕیارنامەیەک دەنگیان دا کە هێرشە "بێهۆکار و بە مەبەس"ەکانی حکومەتی ئێران ئیدانە دەکات. ئەوان هەروەها داوای قەرەبووکردنەوە لە ئێران دەکەن و لە بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازن بارودۆخەکە لە ژێر چاودێریدا بێت.
لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری ڕژێمی ئێران بە بەرگری لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی گوتی کە تا ئێستا زیاتر لە 1500 هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.
هەروەها ئێران بە پاڵپشتی چین، ڕۆژی هەینی 27ی مانگی سێ کۆبوونەوەیەکی ئاوارتە لەسەر هێرشی کوشندە بۆ سەر قوتابخانەیەک لە میناب بەڕێوە دەبات.
ئەمەریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورە و هاوبەشیان دژی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەست پێ کرد کە لە یەکەم شەپۆلی ئەم هێرشانەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و سیاسیەکانی ڕژێم کوژران. کۆماری ئیسلامیش بە بیانووی بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، چەند وڵاتێکی کردووەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی.
لەو کاتەوە زۆربەی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان و شوێنەکانی مووشەکی و ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، هەروەها بنکەکانی هێزەکانی ئەمنی و بەسیج لە شارە جیاوازەکانی ئێران بە تایبەتی تاران، کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا. سەرەڕای ئەوە، سەرۆک ترامپ ڕوونیکردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران "بە شێوازێکی بەرفراوان" بەردەوام دەبێت تا مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو ببات و "شەپۆلێکی گەورەتری هێرش هێشتا لە ڕێگەدایە."