هەوڵی ئەمجارەی ئەمەریکا بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ تەنها ئەنجامدانی گەشتێکی کاتی نییە، بەڵکو ئامانج لێی بونیاتنانی بنکەیەکی مانەوەی هەمیشەیییە.
دوای تێپەڕبوونی 53 ساڵ بەسەر نیشتنەوەی کۆتا گروپی ئاسمانگەڕانی واڵایی لەسە ڕووی مانگ لەلایەن ئەمەریکاوە، ئاژانسی ناسا جارێکی تر هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەوێ و دامەزراندنی بنکەیەک بە بودجەی 20 ملیار دۆلار.
بەڕێوەبەری ناسا، جێرد ئایسەکمان، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "ئامانجەکە تەنها بریتی نییە لە گەیشتن بە مانگ، بەڵکو مانەوەیە لەوێ."
گوتیشی، "ئەمەریکا هەرگیز جارێکی تر دەستبەرداری مانگ نابێتەوە."
ئاژانسی ناسا بڕیاری داوە بە وەستاندنی پلانێکی پێشووی بۆ ناردنی کەشتییەکی واڵایی بۆ خولگەی مانگ؛ لە بری ئەوە، هەڵدەستێت بە دانانی بنکەیەکی هەمیشەیی مانەوەی مرۆڤ.
پرۆژەی دروستکردنی ئەو بنکەیە بە سێ قۆناغ تێپەڕ دەبێت و پێشبینی دەکرێت بە تێچووی 20 ملیار دۆلار نزیکەی حەوت ساڵ بخایەنێت.
دوایین گەشتی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ بریتی بوو لە گەشتی ئاپۆلۆی 17 کە مانگی دوازدەی ساڵی 1972 لەلایەن ناساوە ئەنجام درا.
وێنەکە بەرواری 11ی دوازدەی ساڵی 1972 لەسەر ڕووی مانگ گیراوە، تێیدا کەشتیوانی ئەمەریکایی جین سێرنان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە مانگ لەسەر ڕووی مانگ لێدەخوڕێت.
ناسا ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی 2028 جارێکی تر گەشتێک یان دوو گەشتی ناردنی کەشتیوانان بۆ سەر مانگ ئەنجام بداتەوە.
ناسا لەم ڕێگەیەوە پێشەنگی ئەمەریکا لە چالاکی واڵایی دووپات دەکاتەوە و پێش چالاکییەکانی چین دەکەوێتەوە، لە کاتێکدا حکومەتی چین ئامانجییەتی ساڵی 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ.
بەڕێوەبەری ناسا گوتی، "کات بە خێرایی تێپەڕ دەبێت لەم پێشبڕکێیەی گەورە زلهێزەکاندا و سەرکەوتن یان شکست لە ماوەی مانگ نەک ساڵ دەپێورێت."
جگە لەم پرۆژەیە، ناسا هەروەها ڕایگەیاند پێش کۆتایی ساڵی 2028 هەڵدەستێت بە بەکارخستنی کەشتییەکی واڵایی پێشکەوتوو کە بزوێنەرەکەی لە ڕێگەی کارەبای ئەتۆمییەوە کاردەکات و تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ڕووگەی مەریخ.