هارون ئەرمەگان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە تورکیا "ڕۆڵێک دەگێڕێت لە گواستنەوەی پەیامەکان" لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بۆ هاندانی دانوستانە ڕاستەوخۆکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ئەرمەگان ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، کە پەیامەکان هەروەها بۆ وڵاتانی کەنداو دەگوازرێنەوە.
ئەم بەرپرسەی ئاک پارتی لەکاتێکدا باس لەم رۆڵەی تورکیا دەکات کە وەزارەتی دەرەوە و سوپای ئێران ڕەتیانکردووەتەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدابن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان نزیکەی مانگێک لەمەوپێش هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دا و چەند جارێک داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕەکەی کردووە.
وەزیری دەرەوە هاکان فیدان ڕایگەیاندبوو کە ئەنقەرە "ڕاوێژکاری دۆستانە" بۆ تاران دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی شەڕەکە فراوان نەبێت، و گوتیشی کە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ واشنتن بۆ زانینی هەڵوێستی لایەنەکان.
ڕۆژی یەکشەممە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕایگەیاندبوو، کە فیدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی قسەی کردووە بۆ باسکردنی هەنگاوە گونجاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا سێ مووشەکی ئێرانی کە بۆ سەر تورکیا دەچوون، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناتۆوە تێکشکێنراون.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوامە و تورکیا بەردەوام هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت.