بەرپرسانی ئاسایشی لە عێراق هەواڵی هێرشی ئاسمانی نوێیان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە "دوو مووشەک لە فڕۆکەیەکی جەنگییەوە" ئاراستەی هەمان بنکەی پارێزگای ئەنبار کراوە کە ڕۆژی سێشەممەش هێرشی کرایە سەر.
وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی هێرشەکەدا حەوت کەس کوژراون.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردووەتەوە لە هێرشەکانی نزیک ناوەندێکی پزیشکی سوپای عێراق لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، دوو سەربازی عێراقیش کوژراون و 20 سەربازی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژی سێشەممەش لە هێرشێکی هاوشێوەدا 15 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کراوە و گروپە چەکدارەکانیش کە ئێران پشتیوانیان لێدەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە.
میدیا جۆراوجۆرەکان باس لە فڕینی فڕۆکە سەربازییەکان دەکەن لە شەوی سێشەممە و بەرەبەیانی چوارشەممە لە ئاسمانی بەغدای پایتەختی عێراق.