ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شوێنە جیاوازەکانی ئێران

سوپای ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە تاران، ئەمەش هاوکاتی هەڵدانی شەپۆلێکی مووشەک کە لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە.

سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی تلێگرامی خۆی نووسیویەتی، هێرشەکان ژێرخانی حکومەتی ئێرانیان لە پایتەخت کردووەتە ئامانج.

هەروەها ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەنگی چەندین تەقینەوە لە ڕۆژئاوای تاران و شارەکانی شیراز، قەزوین، کەرەج و بوشەهر و یەزد بیستراوە.

ئەکاونتی وەحید ئۆنلاین لە ئێکس وێنەی دوکەڵی تەقینەوەیەکی لە نزیک فڕۆکەخانەی شیرازی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی ئەمە بەیانی چوارشەممە 25ی مانگی سێ ڕوویداوە.

هەژماری وەحید ئۆنلاین هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە و نووسیویەتی بە پێی ئەو پەیامانەی دەستی کەوتووە، سەرلە بەیانی چوارشەممە سێ تەقینەوە لە ناوچەی تاراندەشت و سۆرخابی کۆردان و شاری کەرەج ڕاگەیەندراوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە دوابەدوای هێرشە بەربڵاوەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران، نیشانەکانی ماندووبوون، دابەزینی مۆڕاڵ، ئامادەنەبوونی ئەندامانی سوپا و ترس لە نێو هێزەکانی سیستەمی مووشەکی بالیستیکی سوپای پاسدارندا بەدی کراوە.