سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە تەلەفۆن پەیوەندی کرد بە سەرۆک وەزیرانی هیندستان سەبارەت بە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردنەوەی گەرووی هورمز.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە هیندستان، سێرجیۆ گۆر، سەبارەت بە پەیوەندییەکە ڕایگەیاند، "ئەوان پرسی بەردەوامیی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد، لە نێوانیاندا گرنگی هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی."
سەرۆکوەزیری هیندستان، نارێندرا مۆدی، ڕایگەیاند پەیوەندییەکە "گۆڕینەوەیەکی بەرهەمداری بۆچوونەکان" بوو سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکوەزیر مۆدی گوتی، "هیندستان پشتگیری لە کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و گەڕاندنەوەی ئاشتی دەکات لە زووترین کاتدا."
سەبارەت بە پرسی ڕێگرییەکانی ئێران لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی وزە لە تەنگەی هورمزدا، مۆدی ڕایگەیاند، "دڵنیابوون لەوەی کە گەرووی هورمز بە کراوەیی و ئاسایش و دەستڕاگەیشتن دەمێنێتەوە، بۆ هەموو جیهان زۆر گرنگە."
لە پەیوەندییەکەدا هەردوو لا جەختیان کردەوە لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی و سەقامگیری.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ماوەی 48 کاتژمێری دا بە ڕژێمی ئێران بۆ کردنەوەی "تەواوەتی و بێ هەڕەشەی" گەرووی هورمز، ئەگەر نا ئەمەریکا ژێرخانی وزەی کارەبای ئێران لەناودەبات.
دوێنێ سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەو وادەیەی بۆ پێنج ڕۆژی تر درێژکردووەتەوە، دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا "دانوستانێکی زۆر باش و بنیاتنەریان" ئەنجام دا.