حکومەتی لوبنان باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران محەمەد ڕەزا ڕەئوف شەیبانی لەو وڵاتە دەردەکات.
یوسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕۆژی سێشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند ئەو بڕیارە گەیێنراوەتە بەرپرسی کاروباری کۆماری ئیسلامی لە بەیروت.
وەزیری دەرەوەی لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە دەبێت شەیبانی هەتا 29ی مانگی سێ لوبنان بەجێبهێڵێت.
لوبنان هەروەها ئەحمەد سوەیدان باڵیۆزی خۆی لە تاران بۆ ڕاوێژکردن بانگهێشت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە حکومەتی ئێران ڕێساکانی دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلی نێوان دوو وڵاتی پێشێل کردووە.
دوای ئەم بڕیارە گیدۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، پێشوازی لە بڕیارەکەی لوبنان کرد و لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، "ئەمە کارێکی ڕەوا و پێویستە بەرامبەر بە حکومەتێک کە بەرپرسیارە لە پێشێلکردنی سەروەری لوبنان و داگیرکردنی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حزبوڵا و ڕاکێشانی وڵاتەکە بۆ ناو شەڕ."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حزبوڵا لە کابینەی لوبنان، داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد "رێوشوێنی کردەیی و کاریگەر لە دژی حزبوڵا" بگرێتەبەر.