زیاتر لە 460 هاووڵاتی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن

دامودەزگا و دامەزراوە ئاسایشییەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامن لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران.

لەوەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ڕژێمی ئێران دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییان و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 466 هاووڵاتی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بە سوپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە 24ی مانگی سێی 2026 بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە هەواڵگری و ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کات و شوێنی وردی دەستگیرکردنەکان نەکراوە، بەڵام دەڵێت بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی و ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئاوات سەرگۆڵی، جەلال عەلەوی، وەهاب حوسێن زادە، هۆیار زەهابی و کاوە عەبدوڵا زادە لە شارەکانی مەهاباد و نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

هەر بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هاووڵاتی کورد کە بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازراونەتەوە. بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانە دەست نەکەوتووە.

پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو 67 هاووڵاتیی دیکەی قۆڵبەست کردووە بە تۆمەتی تۆمارکردنی وێنەی ئەو شوێنانەی کە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا کەتوون دواتریش ناردنی وێنەکان بۆ میدیاکانی دەرەوە.