هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران؛ ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی چەک و بنکە سەربازییەکان دەکرێنە ئامانج

بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی سوپای بەرگری ئیسرائیل، شەوی رابردوو لەلایەن ئەو سوپایەوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری تاران ئەنجام دراوە. هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیاتر لە 100 جۆری جیاوازی کەرستە و تەقەمەنی جیاوازی بەکار هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ژمارەیەک لە ناوەندە سەرەکییەکان، بنکەکان و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەک کە پەیوەندییان بە دامەزراوە ئاسایشی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئامانجەکان بریتی بوون لە:

بنکەی هێزی قودس کە وەک ناوەندی هەماهەنگی و چاودێری چالاکییەکانی کردەوەیی و هەواڵگری سوپای پاسداران کاردەکات

بنکەی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران

بنکەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران کە لە ناو یەکەیێکی گەورەی سەربازی لە ناوەڕاستی تاران دروستکراوە؛ ئەو یەکەیە پێشتریش چەندین جار کراوەتە ئامانج

ناوەندە هەواڵگرییەکانی هێزی قودس

شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەکە کروزە دەریاییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران

کارگە و شوێنەکانی لێکۆڵینەوەی دیکە لە بواری جیاواز وەک ئەلیکترۆنیک، مووشەکە بالستیکیەکان و کلاوە جەنگییەکان

سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت ئەم هێرشانە بەشێکن لە چڕکردنەوەی زەبرەکان بۆ سەر سیستەمە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک رژێمێکی تیرۆریستی.

سوپای ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کردەوانە بەردەوامی هەوڵەکانیانە بۆ لاوازکردنی توانای سەربازی و هێرشبەری رژێمی تاران، بە تایبەتی دوای چەند هێرشێکی پێشووتر کە بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکان ئەنجام دراون.