ئێران جارێکی دیکە سعودیە، بەحرەین و ئیمارات دەکاتە ئامانج

هێرشەکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ بەردەوام بوو، سعودیە ڕایگەیاندوە ئێران دوو مووشەکی بالیستیکی ناوە بە ڕیازی پایەختی سعودیەوە.

وەزیری بەرگری سعودیە ڕایگەیاندووە ئێران دوومووشەکی بالستیکی هاویشتووە و توانیویانە یەکێک لە موشەکەکان لەڕێگەی سیستەمی بەرگریەوە تێکبشکێنن و دووهەم مووشەکیش لە ناوچەیەکی چۆڵەوانیدا کەوتووەتە خوارەوە.

هەروەها سعودیە ڕایدەگەیەنێت توانیویانە لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریەوە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژهەڵات و دانەیەکی تر لە باکوری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە .

لە بەحرەینیش هێزەکانی بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێن ڕۆژی دووشەممە 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە و دوو مووشەکیان تێکشکاندووە وەدەڵێن هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.

لەلایەی ترەوە ئیمارات ڕایگەیاندووە 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە و 7 مووشەکی بالیستیکیشیان تێکشکاندووە.

هەروەها سوپای کوەیتیش ڕایانگەیاندوە لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریەوە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی دووژمنکارنەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بوونەتەوە.
لەوەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28 مانگی دووەوە، ئێران بەسەدان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە ئامانج.

ئێران دامەزراوەکانی وزە و هاووڵاتیانی مەدەنی کردووەتە ئامانج.

براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ڕؤژی شەممە لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە وتی "چەترێکی بەرگری چڕ" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و وتیشی "هاوپەیمانەکانمان بەتایبەتی لەکەنداو بەهەزاران هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان تێکشکاندووە و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەهێزی پەیوەندیمان لەکاتێکدا شان بە شان پێکەوە کار دەکەین."

هەروەها هەر ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپیش لە ڕێگەی پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ سەبارەت بە ئامانجەکانی شەڕی ئێران پاراستنی هاوپەیمانانی ناوچەکەی وەک خاڵیك لە لیستەکە دانابوو.