هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر تاران بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی زانیاری تێدا کراوەتە ئامانج

هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە راگەیاند، شەپۆلێکی نوێی لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر چەندین شوێنی سەربازی و بەرهەمهێنانی چەک لە تاران ئەنجام داوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی کە لە هەژمارە فارسییەکەی سوپای ئیسرائیل لەسەر ئکس بڵاوکراوەتەوە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەیان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە لە لایەن دامەزراوە ئاسایشییەکانی رژێمی ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی چەک بەکاردەهێنرێن.

ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکە بریتی بوون لە: بنکەیەکی سوپای ئێران کە بۆ راهێنانی هێزەکان و پاراستنی سیستەمە مووشەکییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەکان بەکاردەهات، شوێنێکی بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی چەک کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە و شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەک کە پەیوەندی بە هێزی ئاسمانی ئێرانەوە هەیە.

هاوکات ئیسرائیل دەشڵێت، یەک بارەگای دیکەی وەزارەتی زانیاریی و هەروەها یەک بارەگای ئاوارتەی هێزەکانی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج.