بێسێنت: هەموو پێگەکانی ڕژێمی ئێران بەدرێژایی تەنگەی هورمز لەناو دەبەین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت هەڵمەتێک بۆ لەناوبردنی هەموو بنکە و پێگەکانی ڕژێمی ئێران بەدرێژایی تەنگەی هورمز بەڕێوەدەچێت.

سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند هەڵمەتێک بۆ بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازی بۆ لاوازکردنی بنکە و بارەگاکانی ڕژێمی ئێران بەدرێژایی تەنگەی هورمز بەڕێوەدەچێت و ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بە تەواوی لەناو دەچن.

وەزیری خەزێنە ئەو بانگەشانەی کە باس لەوە دەکەن کە گوایا دۆخی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا باش نین، بە "هەڵە" ناوبرد و وتی "ئێمە تواناکانی ئێرانمان لەناوبردووە. هێزی ئاسمانییان بە تەواوی لەناوچووە. هێزی دەریایی ئەوان لەناوچووە و ئێمە ڕۆژانە مووشەک و سیستەمی مووشەکی و کارگەکانی مووشەکیان لەناو دەبەین."

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ئاماژەی ەوەش کرد ژەنەڕاڵ کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ سەرکردایەتی هەڵمەتێک دەکەن بۆ لەناوبردنی هەموو پێگەکانی ئێران بەدرێژایی تەنگەی هورمز.

ئەم قسانەی وەزیری خەزێنە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هۆشدارییەکی توندی دایە ڕژێمی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز و وتی "ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەنگەی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی کارەبای ئێران و لەناویان دەبات.