کۆریای باشوور ڕاگەیاند، ئامادەیە بەشداری بکات لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز، دوای ئەوەی چەند وڵاتێکی ئەورووپی لەگەڵ کەنەدا و ژاپۆن بە هاوبەشی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند ئامادەن ڕۆڵیان هەبێت لەم ئەرکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە ڕاگەیاندنێکدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند بەشدارییان لەم هەنگاوە ئەوەیە کە دەیانەوێت بەشدار بن لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕینی کەشتییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و ئازاد لە تەنگەکەدا.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی گەرووی هۆرموز کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئابووری و دابینکردنی وزەی کۆریای باشوور، چونکە ئەم وڵاتە یەکێکە لە گرنگترین کڕیارانی نەوت و گاز کە لەم ڕێگایەوە دەگوازرێتەوە.
پێشتر، سەرۆک ترامپ داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی کردبوو بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، و هانی چەندین وڵاتی ئەورووپی و ئاسیایدا بۆ بەشداری لەم پرۆسەیەدا.
لەم دوواییانە، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ژاپۆن و کەنەدا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی دەریایی ڕاگەیاند، و هەروەها کردەوەکانی کۆماری ئیسلامییان سەرکۆنە کرد کە بوونەتە هۆی تێکدانی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.
بەپێی هەواڵەکان، لە ماوەی دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، هێرش کراوەتە سەر نزیکەی 20 کەشتی لە ئاوەکانی باشووری ئێران، کە بووەتە هۆی بەربەست لە بەردەم هاتووچۆی ئازادی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا و نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی جیهان لەوێوە دەگوازرێتەوە.
لە ناو وڵاتانی دراوسێی ئێران، تاکو ئێستا تەنها بەحرەین ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە پلانەکەی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی ڕاگەیاندووە.