سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، پێگە سەربازییەکانی سەر بە دیمەشقی لە باشووری سوریا کردووەتە ئامانج لە کاردانەوە بە هێرشێکی هێزەکانی سوریا بۆ سەر هاوڵاتیانی دورز لە سوەیدا.
هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە چەندین شوێن هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بارەگا و عەمباری چەکی سوپای سوریا.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشەکە لە وەڵامی ڕووداوەکانی دوێنێ بووە، کە تێیدا هێرش کرایە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دورز لە ناوچەی سوەیدا.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، " ئیسرائیل چاوپۆشی ناکات بەرامبەری زیانگەیاندن بە دانیشتوانی دورز لە سوریا و بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی بۆ بەرگریکردن لێیان."
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی هێزە چەکردارەکانی دورز لە ناوچەی سوەیدا، لە گرژییەکانی دوێنێدا نۆ کەس کوژراون، ئەمە سەرەڕای دەستگیرکردنی 12 کەس لەلایەن هێزەکانی سەر بە سوریا لە خاڵێکی پشکنیندا و "ڕفاندنی" حەوت کەسی دیکە. چەکدارە دورزییەکان هەروەها دەڵێن بە مووشەک و درۆن هێرشیان کراوەتە سەر.
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی ڕاگوزەری سوریا و میدیای فەرمی وڵاتەکە هیچ هەڵوێستێکی لەسەر ئەم پێشهاتە دەرنەبڕیوە.