دەستەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران هۆشدارییەکانی ئەمەریکایان پشتگوێ خست و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری قوم سزای لەسێدارەدانیان بەسەر سێ گەنجی وڵاتەکەدا جێبەجێ کرد، لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکدا.
یەکێک لە قوربانییەکان، (ساڵح محەمەدی)، تەمەنی تەنیا 19 ساڵ بوو و پاڵەوانی زۆرانبازی بوو. دوو قوربانییەکەی تر، مەهدی قاسمی و سەعید داودی، تەمەنیان پشتراست نەکراونەتەوە.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی قوڵی بەرامبەر بە هەوڵی لەسێدارەدانی ساڵح محەمەدی دەربڕی و ڕایگەیاند، "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کوشتنی گەنجەکانی داهاتووی ئێران لەناودەبات."
پێشتریش چەند جارێک سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هۆشداری داوەتە ئێران لە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون.
سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕژێمی ئێران نزیکەی 32 هەزار کەسی لە خۆپیشاندانەکانی مانگی یەک کوشتووە، ئەمە سەرەڕای دەستگیرکردنی هەزارانی تر.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ئەو سێ گەنجە ڕۆژی 8ی یەک لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستگیرکراون.
ئاژانسی هەواڵی میزان ئەو سێ گەنجەی تۆمەتبار کردبوو بە کوشتنی دوو ئەندامی هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی و بانگەشەی ئەوەی کردووە "چالاکییان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەنجام داوە."
دوێنێش دەستەڵاتدارانی ڕژێم سزای سێدارەیان دژ بە بەندکراوی سیاسی کوروش کەیوانی جێبەجێ کرد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دەستگیرکرابوو.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بە دەستگیرکردنی خەڵک لە دەرەوەی یاسا، دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕێگری لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دواجار لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە بە مەترسی بۆ مانەوەی ڕژێم دەبینرێن.