سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەر بێت و جارێکی دیکە ڕژێمی ئێران هێرشبکاتەوە سەر کەرتی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی قەتەر ئەوا کێڵگەی گازی باشوری پارسی ئێران بە تەواوی وێراندەکەین.
سەرۆک ترامپ لە پێگەکەی لە تروث میدیا، نووسیویەتی، وڵاتی قەتەر بە هیچ شێوەیەک دەستی نەبووە لەو هێرشەی ئیسرائیل کردبوویە سەر کێڵگەی باشوری پارس، وە ئەمەریکاش ئاگاداری ئەو هێرشە نەبووە، وە بە داخەوە ئێرانیش ئاگاداری ئەو ڕاستیانە نەبووە و هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی گازی قەتەر.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئیسرائیل هێرشی دیکە ناکاتە سەر کێڵگەی پارس، بەڵام ئەگەر هاتوو و ڕژێمی ئێران کارێکی ناژیرانەی بکات و هێرشبکاتە سەر لایەنێکی دەرەوەی شەڕەکە وەکو وڵاتی قەتەر، ئەوا ئەمەریکا بە یارمەتی ئیسرائیل بێت یان نا کێڵگەی گازی باشوری پارس بە تەواوی وێراندەکات.
جەختی کردەوە کە خوازیارە بڕیارێکی لەو جۆرە نەدات، بەو پێیەی ئاکامی خراپی درێژدەمی دەبێت بەسەر ئایندەی ئێراندا.
شایەنی باسە، ڕۆژی چوارشەممە ئیسرائیل بۆردومانێکی قورسی کیڵگەی گازی باشوری پارسی کرد و زیانێکی گەورەی پێگەیاندن. لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران ژمارەیەک موشەکی گرتە چەند دامەزراوەیەکی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداو، لەوانە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی گاز لە ناوچەی ڕەئس لەفان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەتەر.