تۆم باراک: کوردەکان خەڵکێکی زۆر باشن، جێی داخە نەیانتوانیوە نیشتمانێک بۆخۆیان بونیاد بنێن

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا

باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا دەڵێت سەرەڕای ئەوەی کورد خاوەنی "مێژوو و پاشخانێکی نایابە" کەچی بە تێپەڕبوونی کات نەیتوانیوە نیشتمانی خۆی دروستبکات و دەڵێت هیواخوازە لە چوارچێوەی "تێکەڵکێشکردنیان" لەگەڵ چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا بگەن بە مافەکانیان.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا، ڕایگەیاند، "کوردەکان خەڵکی نایابن و مێژوو و پاشخانیان نایابە. جێگەی داخە کە بە تێپەڕبوونی کات نەیانتوانیوە نیشتمانی خۆیان بونیاد بنێن. بۆیە، لەوە تێدەگەم بۆچی ئەوان بێزارن. بەڵام هیواکە ئەوەیە ئێستا تێکەڵکێشی هەریەک لەو نیشتمانانە ببن و بگەن بەو خۆشگوزەرانییەی کە شانەنین."

تۆم باراک ڕۆژی چوارشەممە ئەم لێدوانەی بۆ ماڵپەڕی ئەمارگی دا.

سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیا، تۆم باراک کێشەکانی نێوان پەکەکە و حکومەتی ئەنکەرەی بە "کێشەیەکی 40 ساڵی لە سەرلێشێوان" وەسفکرد.

ڕایگەیاند، "ئەمە بریتییە لە کێشەیەکی 40 ساڵی لە سەرلێشێوان. کاتێک سەیری پرۆسەی ئاشتی دەکەیت کە ئەنجام دراوە، کەسانی پرۆفیشناڵی باش تێیدا کار دەکەن."
دەشڵێت، "لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک ئەردۆغان، هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن هەن کە کارێکی زۆر باشیان کردووە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلان و تەواوی کوردەکان."

تۆم باراک جەختی کردەوە، "ڕێگایەکی درێژ لە پێشە، ئەمە بریتییە لە هەموو بەشەکانی بەهەڵە-لەیەکتر-تێگەیشتن لەنێوان ئەو چوار وڵاتە سەرەکییەی کە کوردی تیاندا دەژی. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەموویان کۆبکەینەوە و ڕێگەیان پێبدەین خۆیان پێناسەی ئەو ژیانە بکەن کە دەیانەوێت بەڕێوەی ببەن."

نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا ستایشی ئەزموونی پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان حکومەتی ڕاگوزەری سوریا و کوردی ڕۆژئاوای کرد.

ڕایگەیاند، "پێموایە تێکەڵکێشکردنەکە لەگەڵ هەسەدە و کوردی سوریا و مەزلوم [عەبدی] بە باشی دەڕوات بەڕێوە. زۆر قورسە کاتێک تۆ لە بارودۆخێکدا بوویت کە دوژمنی یەکتر بوویت، دواتر دەگەڕێیتەوە بۆ هاوتەریب بوون لەگەڵ یەکتر. ئەوان کارێکی زۆر باش دەکەن."

تۆم باراک هەروەها باسی لەوە کرد کە لەم دواییەدا هاتووەتە ناو مەلەفی عێراق و ستایشی بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی کرد.