لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە چەندین ڕێگا گوشاری بۆ سەر خەڵکی کوردستانی ئێران و ناوچەکانی تری ئەم وڵاتە بەرزکردووەتەوە و بە ئاشکرا لە سەر پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بووە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنە گشتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاردەهێنێت و بەمەش ژیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچە کوردییانەی خستووەتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات بەوەی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان لە ئێراندا داخراون.
ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت کە ڕژێم ناوەندە پەروەردەییەکان و شوێنە ئایینی و وەرزشییەکان بۆ مەبەستی سەبازی خۆی بەکار دەهێنێت. بۆ نمونە، ڕژێم هەستاوە بە جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزەکانی سوپای پاسداران و کەرەستە قورسەکان لە ژمارەیەک قوتابخانەی شارەکانی سەقز، سەردەشت، سنە، پاوە، ڕوانسەر، کرماشان، مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەریان.
یونس بلوری، گوتەبێژی ناوەندی نەمران، لە لێدوانێک بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، ئەو کارەی ڕژێم، "لە ڕوانگەی ئەمنییەوە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو هێزانە لە هێرشە دەرەکییەکاندا، چونکە ئەم شوێنانە کەمتر دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرش. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم هەنگاوە مەترسییەکی گەورەش بۆ سەر خەڵکی ئاسایی دروست دەکات، چونکە شوێنە مەدەنییەکان دەبنە ناوچەیەکی سەربازی."
دیمەنی تەقینەوەیەکی مەزن لە میانەی هێرشێکی ئەمەریکا - ئیسڕائیل بو سەر ئەسفەهان لە ڕۆژی 16ی مانگی 3ی 2026.
سەرچاوە هەواڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لە ناڕەزایی خەڵک دەکەن بەرامبەر بەم کردەیەی ئێران و دەڵێن لە هەندێک شوێن هێزەکانی ڕژێم ناچار کراون بکشێنەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی کوردپا، لە گوندی گۆگجە، کە دەکەوێتە ناوچەی سەرشیوی مەریوان، هێزەکانی سوپای پاسداران کەرەستەی لەشکرییان لە مزگەوتی گوندەکە جێگیر کردووە و هەوڵی تۆقاندنی خەڵکیان داوە. بەڵام خەڵکی ئەو شوێنە "بە هەنگاوێکی یەکگرتووانە ئەو هێزە سەرکوتکەرانەیان لە گوندەکە دەرکرد و ڕاویان نان."
سەبارەت بەم ڕووداوە، گوتەبێژی ناوەندی نەمران یونس بلوری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەزموونی ناوخۆیی پیشان دەدات کاتێک خەڵک هەست بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بکەن—وەک ئەوەی لە گوندی گۆگجەی مەریوان ڕوویدا—دەتوانن هەڵوێست بگرن و ڕێگە نەدەن شوێنە مەدەنییەکانیان بکرێنە بنکەی سەربازی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ڕەفتاری کۆمەڵگا دەتوانێت کاریگەری هەبێت."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل چەند جارێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕژێمی ئێران بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکان، لە شوێنە گشتییەکان خۆیان حەشار دەدەن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ڕژێمی ئێران کەڵک لە ناوچە مەدەنییە زۆر جەنجاڵەکان وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەک هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری یەکلایەنە و مووشەکی بالیستیکی."
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا دەشڵێت، "ئەم بڕیارە مەترسیدارە ژیانی هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەو پێیەی ئەو شوێنانەی کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، پێگەی پارێزراو لەدەست دەدەن و ئەگەری هەیە ببنە ئامانجی سەربازی شەرعی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
لە لایەکی دیکەوە، ڕژێم لە گرتنی خەڵک لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە.
سەرۆکی ناوەندی پولیسی ئێران ئەحمەد ڕەزا ڕادان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە زیاتر لە 500 کەسیان گرتووە بە تۆمەتی "دابینکردنی زانیاری بە دوژمن" لە سەر ئامانجەکان بۆ هێرشکردن.
یەکێک لە پرسەکان ئەوەیە لە ئەگەری بەردەوامی لەناوبردنی ئەندامانی باڵای پاسداران و بەسیجی لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا، ئایا شیانی ئەوە هەیە گوشارەکانی ڕژێم لە سەر خەڵک کەم ببنەوە؟
یۆنس بلوری، گوتەبێژی ناوەندی نەمران
گوتەبێژەکەی ناوەندی نەمران پێی وایە، بە تێڕوانین لە ڕەفتارەکانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی و کوشتنی هەزاران خۆپێشاندەر، ئەگەری هەیە ڕژێم لەم دۆخەدا ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیان زیاتر بکات.
یونس بلوری بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت لە کوردستان، هەموو کات لە ڕاپەڕینی خەڵک نیگەران بووە و مەترسی ئەو ڕژێمە لە کاردانەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سێ هەفتەیەدا زۆر زیاتر پەرەی سەندووە."
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت کوژرانی بەرپرسانی باڵا لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ترس لای ڕژێم، وە لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت لە ناوخۆی سیستەمەکەدا جۆرێک لە ناڕەزایەتی یان ناکۆکی دروست بکات.
بەڕیز بلوری پێی وایە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ترس و ناکۆکی لەناو بەرەکانی ڕژێم، بەڵام شیانی هەیە لەگەڵ کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی هاوکات سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئێران زیاتر بکات.
هەروەها ئەو ڕایگەیاند، "لە ڕووی ئەمنییەوە ڕژێم زیاتر هەست بە مەترسی دەکات و ئەمە زۆرجار وای لێدەکات سیاسەتی سەرکوتکردن توندتر بکات. بە گشتی، لە جێگەی ئەوەی ئەم ڕووداوانە ببنە هۆی نەرمی سیاسەتەکان، زۆر جار بە پێچەوانەوە دەبنە هۆی توندتر بوونی هەڵسوکەوتی ڕژێم، بە تایبەتی لە کاتی قەیران و فشارە دەرەکییەکاندا."