فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا،سێنتکۆم، ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی سەرکەوتوویان بۆ سەر بنکەمووشەکیەکانی ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز ئەنجامداوە.
سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی سێشەممە، 17ی مانگی سێ هەواڵی ئەم هێرشەی ڕاگەیاندووە و نووسیوێتی لە هێرشەکەدا چەندین بۆمبی قورس بە قورسایی 5000 پاوەند کە توانایی چوونە ناو قووڵای زەویان هەیە، بۆ تێکشکاندنی ئەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی توند پارێزراو بوون، بەکارهاتوون.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە دا کە ئەو شوێنە مووشەکییانە جێگای دانانی مووشەکی کڕووزی دژە کەشتی بوون کە مەترسییەکی گەورەیان بۆ گواستنەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمزدا درووست کردبوو.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی جیهانی، و هەر نائارامییەک لەسەر ئەو ڕێڕەوە دەتوانێت کاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر بازاڕی جیهانی وزە.
ئەم هێرشەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکادا دێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە سەربازییەکانی ئێران و پاراستنی ئازادی هاتوچوی کەشتییە بازەرگانییەکان لەم ڕێگا ستراتیجییەدا.