سەرۆک ترامپ: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی ژمارە یەکە بۆ تیرۆر لە جیهاندا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایین پەیامی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث، هەڵوێستی توندی خۆی لە دژی ئێران دووپات کردەوە و ئەو وڵاتەی بە پشتیوانی سەرەکی و ژمارە یەک بۆ تیرۆر لە جیهاندا ناو دێر دەکات.

سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەدا نووسیویەتی "بۆ هەرە گەمژەکان، ئێران وەک پشتیوانێکی حکومەتی ژمارە یەک بۆ تیرۆر لە جیهان ناسراوە و ئێمە زۆر بە خێرایی خەریکین لەناویان دەبەین!"

دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە ڕەخنە لە هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی واشنتن سەبارەت بە تەنگەی هورمز دەگرێت و دەڵێت, "دەپرسم چی ڕوودەدات ئەگەر ئەوەی لە دەوڵەتی تیرۆری ئێراندا ماوەتەوە 'تەواو' بکەین و بەرپرسیارێتی تەنگەی هورمز بخەینە ئەستۆی ئەوانەی کە تەنگەکە بەکار دەهێنن؟"

دەشڵێت، "ئەم کارە هەندێک لە 'هاوپەیمانانی' وەڵامنەدەرەوەمان ناچار دەکات بە خێرایی هەنگاو بنێن."

ئەم لێدوانانەی سەرۆک لە کاتێکدایە کە گرژیەکان لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە ئێران پەرەی سەندووە و ئەمەریکا و ئیسرائیل سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانن لە دژی ئامانجە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ئەم کارانە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران ئەنجام دەدات.