دامەزراوەکانی نەوت و گاز لە باشووری ئێران دەکرێنە ئامانج

بە گوێرەی راپۆرتێکی تایمزی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە هێرش کراوەتە سەر هەندێک دامەزراوەی پەیوەندیدار بە پیشەسازی نەوتی ئێران لە ناوچەکانی پارسی باشوور لە عەسەلویە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، دامەزراوە پێتڕۆکیمیاییەکانی ناوچەی پارسی باشوور بوونەتە ئامانج. هێشتا زانیاری ورد لەسەر ئاستی زیانەکان نەخراوەتە ڕوو و ڕوون نییە چەند زیان بەو شوێنانە گەیشتووە.

ئاکسیوس ئەڵێت دوو بەرپرسی ئیسرائیلی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە بەو ئاژانسەیان راگەیاندووە ئەم لێدانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریکاییەکان ئەنجام دراوە.

ئەمە یەکەم جارە هێرشێکی ئاوا ئەکرێتە سەر دامەزراوەیێکی نەوت و گازی سروشتی ئێران کە رۆڵێکی گرنگیان لە ئابووری ئەو وڵآتەدا هەیە.

پرۆژەی پارسی باشور لە عەسەلویە یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لە ئێران و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە داهاتی ئابووری و هەناردەی وزەی ئەو وڵاتە.
ئەم ناوچانە بەهۆی بڕی زۆری سەرچاوە سرووشتییەکان و دامەزراوە پێتڕۆکیمیاییەکان، گرنگی ستراتیجیان بۆ ئێران هەیە.