وەزیری دارایی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە گەرووی هورمز ناکات، بەو ئامانجەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوام بێت.
وەزیری دارایی سکۆت بێسێنت ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕایگەیاند، "کەشتییەکانی ئێران [لە گەرووی هورمزەوە] تێپەڕبوونە، وە ئێمە ڕێگەمان داوە ئەمە ببێت بۆ ئەوەی دابینکردنی نەوت بۆ ناوچەکانی تری جیهان بەردەوام بێت."
وەزیری دارایی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی جگە لە کەشتییەکانی ئێران، هەروەها کشتی ناردنی نەوت و گاز بۆ هیندستانیش ڕۆیشتووە و ئەمەریکا پێی وایە شیانی هەیە چەند کەشتییەکی چینیش لەو ڕێڕەوە تێپەڕ بووبن.
ئیدارەی ترامپ چاوەڕوانی ئەوە دەکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چاودێری پەڕینەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن هێزی دەریایی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەم ڕێگایەدا زیاد بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت هێرشەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوچەکەدا زۆربەی چالاکی گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە ئاویەدا وەستاندووە و ڕژێم هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان دەکات.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە هانی وڵاتانی دا، لە نێوانیان وڵاتانی هاوپەیمان و چین، کە بەشداری لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی کەشتییەکانی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە.
ترامپ ڕایگەیاند، "وڵاتانێکی زۆر پێیان گوتووم کە لە ڕێگاوەن بۆ ئەم مەبەستە...ئەوان دەستیان کردووە بە ڕۆیشتن بەرەوە ئەوێ [گەرووی هورمز]."
سەرۆکی ئەمەریکا بە دیاریکراوی ئاماژەی بە هیچ کامێک لەو وڵاتانە نەدا کە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری لە دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام لە گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئاسای دوور، وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشور، بە ڕێژەیەکی زۆر پشتدەبەستن بە نەوتی ئەو ناوچەیە، بۆیەش هانیان دەدات بەشدار بن لە دابینکردنی ڕێڕەوی سەلامەتی بۆ کەشتییەکان.