سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا دەرگای ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ئێران دانەخستووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەموو" سەرکردەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشەکاندا کوژراون و ئیتر ئەمەریکا نازانێت مامەڵە لەگەڵ کێ بکات.
سەرۆک ترامپ لە کاتی کۆبوونەوەی بۆردی سەنتەری ترامپ-کەنەدی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە نازانین سەرکردەی ئەوان کێیە. ئەوەندەی ئێمە بزانین هەموو سەرکردەکانیان مردوون."
سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر ئاماژەی بەوە دا کە دەنگۆ هەیە ڕابەری نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی، هێشتا ماوە و بریندارە و جەستەی شێواوە. بەڵام گوتی تەنانەت ئەو هەواڵەش بە تەواوی پشتڕاستنەکراوەتەوە بەو پێیەی"کەس ئەوی نەبینیوە."
سەبارەت بە بارودۆخی ناڕەزایەتییەکان و هۆکاری دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ڕژێمی ئێران بە هەڕەشەی کوشتن خەڵکی وڵاتەکەی سەرکوت کردووە. گوتی، "خەڵکی ئێران ئازان، بەڵام گەمژە نین."
ترامپ هەروەها جەختی کردەوە لە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ڕژێم و هانی وڵاتانی دا، لە نێوانیان وڵاتانی هاوپەیمان و چین، کە بەشداری لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەمەریکا بکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی کەشتییەکانی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت هێرشەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوچەکەدا زۆربەی چالاکی گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە ئاویەدا وەستاندووە و ڕژێم هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان دەکات.
ترامپ ڕایگەیاند، "وڵاتانێکی زۆر پێیان گوتووم کە لە ڕێگاوەن بۆ ئەم مەبەستە...ئەوان دەستیان کردووە بە ڕۆیشتن بەرەوە ئەوێ [گەرووی هورمز]."
سەرۆکی ئەمەریکا بە دیاریکراوی ئاماژەی بە هیچ کامێک لەو وڵاتانە نەدا کە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری لە دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام لە گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئاسای دوور، وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشور، بە ڕێژەیەکی زۆر پشتدەبەستن بە نەوتی ئەو ناوچەیە، بۆیەش هانیان دەدات بەشدار بن لە دابینکردنی ڕێڕەوی سەلامەتی بۆ کەشتییەکان.
ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە "بە جۆش و خرۆشەوە" بەدەم داواکەی ئەمەریکاوە نەهاتوون.
گوتی، "هەندێک لەو وڵاتانە زۆر بە جۆش و خرۆشەوەن، هەندێکیشیان وەها نین. هەندێکیان بریتین لەو وڵاتانەی کە ئێمە بۆ چەندین ساڵە یارمەتیدەریان بووین. ئێمە لە سەرچاوە ترسناکەکانی دەرەکی پاراستومانن، بەڵام ئەوان ئەوەندە بە جۆش و خرۆش نەبوون. وە ئاستی جۆش و خرۆش بۆ من گرنگە."