ڕاپۆرت: ئێران و بریکارەکانی 8 کەسیان لە هەرێمی کوردستان کوشتووە و 39 جار بنکەکانی ئەمەریکایان بەئامانج گرتووە

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی (Community Peacemaker Teams) ڕایدەگەیەنێت، هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان لە زیادبووندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، لە 28ی مانگی دووەوە کە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی بە گشتی 307 هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 8 کەس کوژراون و 51 کەسیش بریندار بوون.

ڕاپۆرتەکەی سی پی تی ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان 7بۆ 15ی مانگی سێ 111 هێرش و بۆردومان بۆ سەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. لەو ماوەیەدا 4 کەس کوژراون و 32 کەسیش برینداربوون.

هەرچەندە ژمارەی هێرشەکان بە بەراورد بە هەفتەی یەکەمی شەڕەکە بە ڕێژەی لەسەدا 43.5 کەمیکردووە، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان بە ڕێژەی لەسەدا 56.5 زیادیکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەفتەی ڕابردوو 81 هێرش بۆ سەر سنوورەکانی پارێزگای هەولێر و 30 هێرشیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویان داوە. بەڵام لەم ماوەیەدا هیچ هێرشێک بۆ سەر سنوورەکانی دهۆک و هەڵەبجە نەبووە.

ڕاپۆرتەکەی سی پی تی دەریدەخات لە نێوان 111 هێرشی هەفتەی ڕابردوودا، 76 هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی و 24 هێرش بە موشەک و 10 هێرش بە تۆپخانە ئەنجام دراون.

لەم هێرشانەدا 39 جار کونسوڵخانە و بنکەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج، بەمەش کۆی گشتی هێرشەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە بۆ سەر ئەو بنکانە گەیشتوەتە 97 جار، هەروەها کەمپەکانی پەنابەرانی کوردی ئێران و بنکەی حزبە کوردییەکانی ئێرانیش 43 جار کراونەتە ئامانج.

بە گشتی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو 36 قوربانیان لێکەوتووەتەوە کە 4 کوژراو و 32 بریندار بوون، لەنێویاندا ژمارەیەک لە قوربانییەکان ئەندامی حزبە کوردییەکان و هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بوون و 13 لە بریندارەکان هاووڵاتی مەدەنی بوون.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، جگە لە زیانی مرۆیی، ئەم هێرشانە زیانیان بە ماڵی مەدەنی و کێڵگە نەوتییەکان و کەرەستەی پەیوەندی و هۆتێل و دامەزراوە حکومی و گشتییەکانیش گەیاندووە. تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 21 ماڵی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان تەقەمەنی زیانیان بەرکەوتووە.

سی پی تی نیگەرانە لە بەردەوامی شەڕ و بەئامانجکردنی ناوچە مەدەنییەکان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆردومانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دامەزراوە مەدەنییەکان دەتوانێت بخرێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و داوای ڕاگرتنیان دەکات.