ئیسرائیل فڕۆکەی تایبەتی عەلی خامنەیی دەکاتە ئامانج

سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاندووە فڕۆکەی تایبەتی ڕێبەری پێشووی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مێهرئاباد لە تاران کردووەتە ئامانج و تێکیشکاندووە.

بەپێی ڕاگەیاندنێکی سوپای ئیسرائیل، ئەم فڕۆکەیە بە شێوەیەکی زۆر لەلایەن عەلی خامنەیی و هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی تری باڵای حکومەت و ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بەکارهاتووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کڕینی چەکی سەربازی و هەروەها بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ڕژێمی ئێران.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت وێرانکردنی ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت زەبرێکی گرنگ لە تواناکانی ڕێبەری ئێران بدات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنەوەی خۆی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ ئامانجگرتنی هەر ئامراز و کەرەستەیەک کە هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناو خاکی ئێران بەکاریدەهێنن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تێکشکاندنی فڕۆکەی تایبەتی ڕێبەر هێمایەکە بۆ کۆتایی هاتنی قۆناغی "گەندەڵی،" بەو پێیەی ئەم فڕۆکەیە لەبری خزمەتکردنی بەرژەوەندی خەڵکی ئێران، بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە و پەیوەندییە توندوتیژەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهاتووە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەم هێرشە زەبرێکی ترە بۆ لاوازکردنی توانای ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێکردنەوە و پەرەپێدانی توانای سەربازی.