باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕۆژی شەممە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە عێراق کرد کە دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق بەردەوامە.

باڵیۆزخانەکە لە هۆشدارییەکدا ڕایگەیاندووە "میلیشیا تیرۆریستییەکان کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، هێرشی بێ جیاوازییان لە دژ بە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و ئامانجەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری عێراق لە بە هەرێمی کوردستانیشەوە هان دەدەن."

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە بەپەلە هاوڵاتیانی ئەمەریکایی عێراق بەجێبهێڵن".

باڵیۆزخانەکە لە هۆشدارییەکەیدا ڕایگەیاندووە کە تاقمە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی بەغدا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەشڵێت "لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کونسوڵخانەی گشتی بەردەوام هێرش ڕوودەدات".

باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کردووە، بەهۆی بەردەوامی هەڕەشەی هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاوەن لە ئاسمانی عێراق، هەوڵی گەشتکردن بۆ باڵیۆزخانەی بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر نەدەن.

لەماوەی ئێستای پچڕانی گەشتە ئاسمانییەکاندا لە عێراقەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد لە ڕێگەی وشکانییەوە لە ڕێگەی ئوردن، سعودیە یان تورکیاوە عێراق بەجێبهێڵن.

ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە، دەتوانن بەم ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە بکەن:

• ژمارەی فریاگوزاری ناوخۆیی بۆ عێراق: 911

• باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەغدا: BaghdadACS@state.gov

• کونسوڵخانەی گشتی هەولێر: ErbilACS@state.gov

• هێڵی یارمەتی وەزارەتی دەرەوە: 4444-501-202-1+