دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لەبارەی کۆمەڵێک هەرەشەوە دەکەن کە دەشێت پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، لە کاتێکدا کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی ڕژێمی ئێران بۆ دووهەم هەفتەیە بەردەوامە.
ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان باسی لەوە کرد هەواڵی هەبوونی شانەی خەوتوو یان تۆڕی نهێنی پەیوەندیدار بە ئێران لە ناو خاکی ئەمەریکایان بەدەست گەیشتووە و دەسەڵاتدارانی ئاسایشی هەوڵی دۆزینەوە و چاودێریکردنیان دەدەن.
سەرۆک ترامپ گوتی "من ئاگادار کراومەتەوە لەبارەی شانە نوستووەکانی ئێرانی. زۆر کەس لە کاتی حکوومەتی جۆو بایدەندا و بەهۆی سیاسەتی سنووری کراوەوەی ئەوەوە هاتنە ناو وڵات. بەڵام زۆربەی ئەوانە دەزانین لە کوێن و چاومان لەسەریانە."
ئەو ئەم قسانەی لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەوانان لە رۆژی چوارشەممەدا کرد، دوای ئەوەی لە گەشتێک لە کێنتاکی ئەگەڕایەوە بۆ واشنتن.
بەپێی وتەکانی سەرکۆمار، بارودۆخەکە هێشتا لە ژێر پێداچوونەوەدایە و هۆشیارییە ئەمنییەکان لەسەر ئاستێکی بەرز دانراون.
ترامپ گوتیشی "ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام زۆر شت ڕوودەدات. تەنها ئەوە دەتوانین بکەین کە هەر شتێک دێت، بە شێوەیەکی خێرا مامەڵەی لەگەڵ بکەین."
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکایی هێشتا وردەکاری زیاتریان لەبارەی ئەم هەڕەشانە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەدەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان بەردەوامن لە چاودێری و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ناوخۆ.