وتەبێژی حکومەتی هەرێم: ئەرکی حکومەتی عێراقە هێرشە تیرۆرستییەکانی سەر کوردستان بوەستێنێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هێرشی گرووپە چەکدارە لادەرەکانی عێراقی بە "تیرۆرستی" ناوبرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە ئەرکی خۆی هەستێت بۆ وەستاندنیان.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، "ئەم هێرشانە کردەوەیەکی درێژخایەنن کە لەلایەن کۆمەڵێک گروپی لادەر لە یاسا، هێرشی تیرۆرستی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی دا حکومەت و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە فەرمی "بۆ چەندەمین جار" داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە ڕێگری لەو هێرشانە بکات "چونکە هێرشەکان لە سنوری دەستەڵاتی حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجام دەدرێن بۆ سەر هەرێمی کوردستان."

ڕاشیگەیاند، "ئەو گرووپانە هێرشەکانیان بێ مانا و بێ پاساون بۆ سەر هەرێمی کوردستان."

دوای ئەوەی ئەمەریکا لە 28ی مانگی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی 'توڕەیی ئەفسانەیی' دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکرد، هێزە شیعەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەستیان کرد بە ئاژاوەنانەوە بۆ ڕژێمی ئێران و سەدان هێرشی توندوتیژیان لە ناوچەکە ئەنجام داوە.

هێرشەکان جگە لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەروەها بوونەتە هۆی قوربانی مرۆیی و ماڵی لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی ئەمەریکا سەرەڕای بەگەڕخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە شاری هەولێر، هەروەها بەردەوام داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە دەبێت سنورێک بۆ ئەو گرووپە تیرۆرستیانەی ناو حەشدی شەعبی دابنێت.

وێنەکە ساتی خۆشی دەربڕینی گرووپێکی حەشدی شەعبییە لە 17ی مانگی دەی ساڵی 2017 لە شاری کەرکوک، دوای هێرشیان بۆ ناوچەکانی دەستەڵاتی پێشمەرگە.

ئەمەریکا بە فەرمی ئەم گرووپانەی عێراقی خستووەتە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان: کەتائیبی حزبوڵا، عەسایبی ئەهلی حەق، حەرەکەی حزبوڵای نوجەبا، کەتائبی ئیمام عەلی، کەتائیبی سەیدی شوهەدا، وە حەرەکەی ئەنسارڵای ئەوفیا.

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکوەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی کرد و بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستیانەی ئەو گرووپە تیرۆرستانەی کرد لەناو عێراق و بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق. وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە لە گرنگی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی بەردەست بۆ پاراستنی ئەندامان و پێگە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام جەختی کردووەتەوە لە پابەندبوونی حکومەتەکەی بە ڕێگری لەو هێرشانە و سنوردارکردنی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکان بەردەوامن.

ڕۆژی سێشەممە ئەو گرووپانە لە ڕێگەی شەش درۆنەوە هێرشیان کردە سەر ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە بەغدا. سیستەمی بەرگری پێنج لەو درۆنانەی لەناوبرد، بەڵام یەکێکیان بەر ناوەندەکە کەوت. هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەک، هیچ زیانێکی مرۆیی لە بنکەکە ڕانەگەیێندراوە.

بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو گرووپانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێگەکانیان.

حەشدی شەعبی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند لە 12 ڕۆژی ڕابردوودا 32 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەریان لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین، ئەنبار، واست و بابل. گرووپەکە دەڵێت لە ئەنجامدا 27 ئەندامیان کوژراون و 50 کەسیان برینداربوون.

حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئێستا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە دەرنەبڕیوە، هەرچەندە ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.

بە گوێرەی پێگەی واڵ ستریت جۆرناڵ، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەوە نزیکەی 30 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو میلیشیا شیعانە لە عێراق.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی جەنگەوە کرد. سەرچاوەیەکی بەرگری لە ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا ئامادە نەبوو ئەو هێرشانە لەئەستۆ بگرێت یان ڕەتیان بکاتەوە.