سەرۆک ترامپ: کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە هێڵی کۆتایی  

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە " هێڵی کۆتایی" هەرچەندە " ئەمە مانای ئەوە نیەی کە ئێمە دەستبەجێ هەموو شتێک کۆتایی پێدەهێنین، بەڵام ڕاستییەکە ئەمەیە."

سەرۆک ترامپ گوتی "ئەوان هێزی دەریایییان نییە، هێزی ئاسمانییان نییە، هیچ بەرگرییەکی ئاسمانییان نییە، هیچ سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنیان نییە، ئێمە لە بنەڕەتدا باڵادەستی ئاسمانیمان بەسەر ئەو وڵاتەدا هەیە".

"ئێمە ئێستا زۆر بە وردی چاودێری تەنگەکان دەکەین. لە دۆخێکی زۆر باشدان. هەموو کەشتییەکانیانمان لەناو بردووە. هێشتا چەند مووشەکێکیان هەیە، بەڵام زۆر نییە. پێموایە ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشداین."

ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگترین شت ئەوەیە کە لەم دۆخەدا سەرکوتوو بین، خێرا بیبەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت سەرکەوین. کاتێک دەڕوانمەوە هەواڵەکان خەڵکێکی زۆر دەڵێن هەر لە سەرەتاوە ئەم شەڕەمان بردووەتەوە، ئەوە تەنها پەیوەندی بەوەوە هەیە کەی ڕاوەستین. ئێمە نامانەوێت ڕێگە بدەین کۆماری ئیسلامی دووبارە بەهێز بێتەوە."

سەرۆک ترامپ گوتیشی " پێمان خۆشە کەسێک لەوێ بێتە سەر کار کە بزانێت چی دەکات، واتا کەسێک کە بتوانیت وڵاتەکە بنیات بنێتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایشیگەیاند "بابەتێکی تریش هەیە، ئێمە دەتوانین بەشێک لە تاران و شوێنەکانی دیکە بکەینە ئامانج کە ئەگەر ئەوە بکەین، نزیکە لە مەحاڵەوە وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. بەڵام ئێمە ئەوەمان ناوێت."

هەرچەندە گوتیشی " دەتوانین ژێرخانی کارەبایی ئەوان بکەینە ئامانج؛ دەتوانین توانای کارەبایی ئەوان لە ماوەی کاتژمێرێکدا لەناو ببەین و ڕەنگە 25 ساڵ بخایەنێت بۆ دووبارە دروستکردنەوە. بۆیە ئێمە نامانەوێت ئەوە بکەین."