بەرپرسانی حکومەتی نۆروێژ دەستگیرکردنی سێ کەسیان ڕاگەیاند کە بە ڕەچەڵەک عێراقین و گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لە "تەقینەوە تیرۆرستییەکەی" بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆسلۆ.
کریستیان هاتلۆ، داواکاری گشتی پۆلیس لە ئۆسلۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوسێ کەسە برای یەکترین و بە ڕەچەڵەک عێراقین بەڵام ناسنامەی نۆروێژیان هەیە. ڕایگەیاند هەرسێکیان پاشنیوەڕۆی چوارشەممە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی تیرۆرستی لەبەر دەرگای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستگیرکراون.
کریستیان هاتلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە لە بیستەکانی تەمەنیان دان و پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە نەناسراون.
پۆلیسی وڵاتەکە ڕایگەیاند سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر پاڵنەرەکانی ئەو کردەیە، لە نێوانیاندا ئەگەری تێوەگلانی لایەنێک یان حکومەتێک لە ڕووداوەکە.
تەقینەوەکە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر یەکی بەیانی ڕوویدا. پۆلیس دەڵێت لە ڕێگەی بۆمبەوە بەردەرگای باڵیۆزخانەی ئەمەریکای کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.
هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک دیار نییە کە تەقینەوەکە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابێت، بەڵام بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بە هۆی مەترسی بەئامانجگرتنیان لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوسۆزەکانی.
دوێنێش پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاند لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری تۆرۆنتۆ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە چەندین شوێن کراونەتە ئامانج، لەنێوانیان پاکستان و سعودیە و عێراق.