وڵاتانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ دەخەنە بازاڕەوە

بۆ سنوردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئەنجامی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕێککەوتوون لەسەر بەردانی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتیان.

فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسەکە ڕایگەیاند، "ئەو ئاڵنگاریانەی بازاڕی نەوت کە ڕووبەڕووی دەبینەوە لە قەبارەدا بێ وێنەن، بۆیە زۆر دڵخۆشم کە وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی بەکۆمەڵ وەڵامی ئەم ئاڵنگارییەیان داوەتەوە لە ڕێگەی کردەیەکی هاوبەشی لەناکاو بە قەبارەیەکی بێ وێنەوە."

ئاژانسەکە لە بڵاوکراوەیەکیدا دەڵێت هەر 32 وڵاتی ئەندام ڕێککەوتوون لەسەر ئەو بڕیارە، بەڵام زانیاری نەداوە لەسەر خشتەی کات و چۆنییەتی خستەنە بازاڕی نەوتەکە.

بڕیاری ئاژانسەکە دوای ئەوە هات بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە ڕێژەی 25٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەت بەهۆی هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر گەرووی هورمز.

مەزەندە دەکرێت ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە گەرووی هورمزەوە بچێت بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بڕێکی بەرچاوە لەو 100 ملیۆن بەرمیل نەوتەی جیهان پێویستیەتی.