سەرۆک ترامپ: کەی بمەوێت ئەوکات شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێران دەوەستێت

ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا بە دەزگاکەی گوتووە شیانی هەیە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی ئێران "بەم زووانە" بووەستن، چونکە "بە کردەیی هیچ شتێک نەماوە بکرێتە ئامانج."

دۆناڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، "هەرکاتێک بمەوێت بوەستێت، دەوەستێت."

سەرۆک ترامپ پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە 16 بەلەمی ئێرانیان لەناوبردووە کە مینیان هەڵگرتبوو بە ئامانجی مینڕێژکردنی ئاوەکانی گەرووی هورمز.

ترامپ ئاماژەی کردووە، " شەڕەکە زۆر باش دەڕوات بەڕێوە. ئێمە زۆر لە پێش خشتەی کاتەکەوەین. زیانێکی زیاترمان گەیاندووە لەوەی کە پێمان وابوو دەکرێت، تەنانەت زیاتر لەو شەش هەفتەیەی کە پێشتر دیاریمانکردبوو."

سەرۆکی ئەمەریکا سەرزەنشتی سیاسەتی ئێرانی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند، "ئەوان [ڕژێمی ئێران] بەدوای تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوون. ئەوان باجی 47 ساڵی ئەو مردن و وێرانکارییانە دەدەن کە بوونەتە هۆکاری. ئەمە باجەکەیەتی. بەو ئاسانییە دەربازنابن."

وتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدان حکومەتی ئیسرائیل هاوشانی ئەمەریکا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ڕژێمی ئێران.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، کردە سەربازییەکان بەردەوام دەبن "بەبێ هەبوونی هیچ سنوورێکی کاتی وە بۆ ماوەی پێویست هەتا ئەو کاتەی بە هەموو ئامانجەکان دەگەین و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە هەڵمەتەکە سەردەکەوین."

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر بەردەوامبن.