بەشێکی بەرچاوی هێرشەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونە

نەخشەی گرافیکی هێرشەکانی سەر ئێران

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە گرافیکێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە 10 ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە ڕژێمی ئێران.

بە گوێرەی گرافیکەکە بێت، زۆربەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەکەونە بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لە باکوری ڕۆژئاواوە بۆ باشووری ڕۆژئاوا درێژدەبنەوە.

بەشێکی بەرچاوی ئەو هێرشانە پێگەکانی ڕژێمی ئێرانیان لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتە ئامانج.

جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە پێنج هەزار ئامانجی لە ئێران پێکاوە.

جەنەڕال کەین ڕایگەیاند، "هێرشەکانمان بەو مانایە دێت کە پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕژێمی ئێران بۆ دەرەوەی ئێران."