دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی ڕێبەری پەسەندکراوی خۆی بۆ ئێران، وتی "من بیرۆکەی 'ناوخۆیی'م بەدڵە و بیرۆکەی 'ئەبەدی'م بەدڵە، بۆ ئەوەی وردتر بڵێم. بەڵام بیرۆکەی 'ناوخۆیی'م بەدڵە چونکە کاردەکات. مەبەستم ئەوەیە پێموایە سەلماندوومانە کە ئەمە کاردەکات".
سەرۆک وتی "لە ڤەنزوێلا ژنێکمان هەیە لەوێ بە ناوی دێلسی ڕۆدریگێز کە سەرۆکی کاتی وڵاتەکەیە و زۆر ڕێزی لێدەگیرێت و کارێکی نایاب دەکات. کارکردن لەگەڵیدا باش بووە، هیچ پچڕانێکیشی نەبووە. عێراقتان لەبیرە؟ هەمووان دەرکران- سوپا، پۆلیس، سیاسەتمەداران- و کەس نەما و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە داعش دروستبێت، ئێمە نامانەوێت ئەوە بەسەر ئێراندا بێت."
وتیشی "بۆیە حەز دەکەم خەڵک لە ناوخۆی ئێرانەوە ببینم کە ڕێبەرایەتی دەکەن. لەبارەی کوڕی شاوە هەندێ قسە کراوە، باسی کەسانی دیکەش دەکرێت، بەڵام ئەوانە ساڵانێکە لە ئێران دابڕاون."
ئێمە فۆرمولێکمان هەیە کە تا ئێستا زۆر باش بووە و پێموایە بەردەوام دەبێت. پەیوەندیمان لەگەڵ ڤەنزوێلا خەیاڵییە؛ وڵاتێکی زیرەکە. ئێمە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بردووە کە لە ئێستادا لە هیوستن پرۆسێس دەکرێت و پێویستە بزانین چۆن کاردەکات. دەهێنرێتە پاڵاوگەکان و لە شاری هیوستن پاڵاوتە دەکرێت، ئەو شوێنەی کە بە تەواوی بۆ ئەم کارە تەرخان کراوە. 100 ملیۆن بەرمیلی دیکە لە ڕێگادایە. جۆرێکە لە هاوبەشی و ئێمە زۆر باش پێکەوە کار دەکەین. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە هەم بۆ ڤەنزوێلا زۆر باشە و هەمیش بۆ ئەمەریکا.