دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی ڕێژیمی ئێران وتی دەمزانی ئەگەر ئەم کارە بکەم، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە کەمتر بوو لەوەی کە من پێموابوو بەرز دەبێتەوە. بەڵام پێموانییە کەس چاوەڕێی ئەوە بووبێت کە بەو خێراییە سەرکەوتوو بین. سەرکەوتنێکی سەربازی بێ وێنە بووە. ئێمە باشترین سوپا و باشترین کەرەستەی سەربازیمان هەیە و باوەڕم وایە باشترین ژەنەڕاڵەکانیشمان هەیە.
وتیشی "ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر بەخێرایی ئەنجامدرا، ئێمە لەگەڵ سەرۆک پوتن قسەمان لەسەر کرد؛ زۆر سەرسام بوو پێی، چونکە کەس شتێکی لەو جۆرەی نەبینیوە، ئێران وڵاتێکی سەربازی زۆر بەهێز بوو بە هەموو مووشەکەکانییەوە."
سەرۆک ترامپ وتی "ئێستا دوو هێرش کراون، یەکێکیان بە هاوکاریی ئێمە و ئیسرائیل کە پەکی خستن و دواتر فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی 2 کە توانای ئەتۆمییان لەناوبرد و ئەگەر ئەوەمان نەکردبا، ئێران لە ماوەی دوو بۆ چوار هەفتەدا چەکی ئەتۆمی دەبوو کە پێش ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە بەکاری دەهێنا. ئەو سەرکەوتنە سەربازییەی کە بەدەستمان هێناوە بەڕاستی بێ وێنەیە."