تورکیا دەڵێت ڕێگری لە دووەم مووشەکی بالیستیکی کردووە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی کراوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی دووشەممە، 9ی مانگی سێ ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیک کە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدراوە و چووەتە ناو ئاسمانی تورکیاوە، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ناتۆ کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستە، ڕێگری لێکراوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا، بەشێک لە پاشماوەی موشەکەکە لە کێڵگە چۆڵەکانی غازی عەنتاب کەوتووەتە خوارەوە. وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو ڕووداوەکەهیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەمە دووەم مووشەکی بالیستیکی ئێرانە کە لە ماوەی 9 ڕۆژی ڕابردوودا بەرەو تورکیا هەڵبدرێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەوە کردەوە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بە شێوەی یەکلاکەرەوە و بێ دوودڵی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و ئاسمانی وڵات دەگیرێتەبەر.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕەتیان کردبووەوە کە مووشەکیان لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی تورکیا کردبێت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کرد باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەجێبهێڵن.

جێی ئاماژەیە لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە، ئەمە دووەم موشەکی بالستیکییە لە ئێرانەوە هەڵبدرێت بە ئاڕاستەی تورکیا.