بە دروشمی "ببەخشە بۆ بەدەستهێنان" ڕۆژی یەکشەممە هەشتی مارس، ژنانی سەرانسەری جیهانی ڕۆژی نێونەتەویی ژنانیان پیرۆز کرد.
هەژماری فەرمی ڕۆژی ژنان لە پلاتفۆرمی ئێکس پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ "کاتێکە بۆ بیرکردنەوە لە پێشکەوتن و بەکارهێنانی هێزی کردەوەی بەکۆمەڵ و نیشاندانی پشتیوانی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا زۆرێک لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن، ئێمە شوێنێکمان هەیە بۆ ئەوانەی ڕووبەڕووی ململانێ و نادادپەروەری و خەباتی بەردەوام بۆ یەکسانی دەبنەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، ئەم ڕۆژەی بەرز ڕاگرت و ڕایگەیاند، پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت " پێزانینم بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی ئافرەتانی کوردستان هەیە کە هەمیشە بەشێکی سەرەکیی لە خەبات و کۆڵنەدانی گەلەکەمان بوونە و قورسایی شۆڕش و قوربانیدان لەسەر شانی ئەوان بووە.".
مستەفای هیجری، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی دەڵێت ئازادی بەبی دەستەبەرکردی مافەکانی ژنان مەحاڵە.
هیجری ڕایشیگەیاند "مێژووی خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی دەیسەلمێنێت؛ هەر گۆڕانکارییەک ژنانی تێدا بەشدار نەبن، سەرەنجامەکەی دەبێتەوە بە ستەمکاری و پێشێلکردنی مافە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان. لێرەوەیە کە یەکسانیخوازی دەبێتە مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە دیموکراسی و ڕزگارییەکی نەتەوەیی لە داهاتوودا."
ڕۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاند پێزانینی " هێز و خۆڕاگری ژنان لە هەموو شوێنێک" دەربڕی.
ئەو وێنەی چەند ژنێکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "وەک ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، دووپاتی دەکەینەوە کە ئازادی و سەرکردایەتی ژنان زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە."
عەفرینی گوتیشی "خەباتی ئێمە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ژن بە یەکسانی و پاراستن و بەشداریی تەواو لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەدەست دەهێنن."
نووسەر و شاعیر ئاسیا خێرزان لەو بۆنەیەدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ ئێمە ڕۆژێک پیرۆز ناکەین، بەڵکو ئاهەنگ دەگێڕین بۆ مێژووی بەرخۆدان کە بە زەحمەتی ژنانی کارکەر لە نیویۆرک دەستیپێکرد و گەیشتە لوتکەی شاخ و گردەکانی کوردستانیش."
خێرزان کە لە ئەڵمانیا دەژی، باسی لەوە کرد کە ژنانی کورد، "بە هۆشیاریی ژن، ژیان، ئازادی’، نیشانی جیهانیان داوە کە ئازادی ژن هەوێنی ئازادیی هەموو کۆمەڵگایەکە."
ئارێز محەمەدی، کۆمەڵناسی کورد دەڵێت، بارودۆخی ژنی کورد لە نێو ژنانی جیهاندا تایبەتە.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ژنانی کورد "لە چوارچێوەی نەتەوەیەکی داگیرکراودا، گیریان خواردووە لە سیستەمێکی کۆلۆنیالیزمدا، لەژێر بارگرانییەکی ئابووریدا گیریان خواردووە، لە سایەی حکومەتێکی دیکتاتۆردا گیریان خواردووە، هەموو ئەمانە دەتوانن پرسی ژنانی کورد جیابکەنەوە".
محەممەدی کە بنکەکەی لە سویدە، پێی وایە کە "پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بناغەی دیموکراسییە."
گوتیشی " ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە چەند ساڵێکە لە نێو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بووین و ئێستا ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورە بووینەتەوە، پێموایە ئەوەی ئێستا دەتوانێت گۆڕانکاری بەدی بهێنێت، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە."
Your browser doesn’t support HTML5
دیمانە لەگەڵ ئارێز محەمەدی، سەبارەت بە 8ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ڕۆژی نێودەوڵەتی ژنان 2026 لە کاتێکدایە کە بناغەکانی دادپەروەری لە ژێر فشاردان، شەڕ و سەرکوت و نائارامی سیاسی سەروەری یاسا لاواز دەکات و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری بۆ ملیۆنان ژن و کچ سنووردار دەکات."
شایانی باسە ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، کە ژنان لە زۆر شوێنی جیهان دەستیان کرد بە بەرزکردنەوەی دەنگ بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و مافە سیاسییەکان.