عەرەبستانی سعودیە هۆشداری دەداتە ڕژێمی ئێران لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر دامودەزگا نەوتییەکان و دەڵێت 'ئێمەش تۆڵە دەکەینەوە'

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە عەرەبستانی سعودیە پەیامێکی بۆ کۆماری ئیسلامی ناردووە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەی وزە و خاکەکەی ئەوا "تۆلە دەکاتەوە."

ئاژانسەکە دەڵێت ئەو پەیامە پێش وتارە ڤیدیۆییەکەی ڕۆژی شەممە بووە کە تیایدا سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان، داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دروسێ کرد بەهۆی کردەوەکانی تاران. ئەمەش لە کاتێکدا بوو وڵاتانی ناوچەکە توڕەییەکی زۆریان هەبووە بەهۆی ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەریان کە تیایدا شوێنە سڤیلییەکانیش کراوەتە ئامانج.

سەرەڕای ئەو بەڵێنەی پزیشکیان کە گوتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دەوڵەتانی نزیک، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوون لە جەختکردنەوە لەسەر هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە لە ناویاندا هەرێمی کوردستانیش ئەنجام دراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی سعودیەش ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عەراقچی هاوتا ئێرانییەکەیدا بە ڕوونی گوتویەتی نە سعودیە و نە وڵاتانی دیکەی دراوسێ ڕێگەیان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا نەداوە خاکی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن و تەنانەت ئامادەن نێوەندگیری بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

دوو سەرچاوەی ئێرانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک دامەزراوەی نەوت و پاڵاوگەی عەرەبستان و ژێرخانی وزە و ئابووریی وڵاتانی دراوسێی باشووری کردووەتە ئامانج، هەرچەندە نەیتوانیوە زیانی گەورەیان پێ بگەیەنێت.

وڵاتانی ناوچەیی لەگەڵ ئەمەریکا پێیان وایە کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیە بۆ هەڵکشانێکی مەترسیدار کە سەروەریی نەتەوەیی چەند وڵاتێک پێشێل دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. بەئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل و ئەو وڵاتانەی کە دەستیان لە ململانێیەکدا نییە، ڕەفتارێکی بێباکانە و ناسەقامگیرکەرە.