ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر زیاتر لە 400 ئامانج لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێرانی کۆتایی پێهێناوە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 400 ئامانج هێرشیان کراوەتە سەر.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو ئامانجانەی کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر، بریتی بوون لە ئامێری هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەک.

ئیسرائیل دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی ئەمەریکا لە ئێران بەڕێوەدەچێت، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە سەدان هێرشی لە دژی کەشتی جەنگی، سیستەمی بەرگری، کۆگای چەک و ژێرخانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئەنجامداوە.

هاوکات سوپای پاسداران زیادبوونی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و بانگەشەی ئەوە دەکات بنکەی ئاسمانی لە ئوردن کردووەتە ئامانج و کۆمەڵیک بنکەشی لە ئیسرائیل بە مووشەکی کردووەتە ئامانج.

تا ئێستا هیچ هەواڵێکی متمانەپێکراو کە ئاماژە بە زیانگەیاندن بەم پێگانە بکات لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

هەروەها سوپای کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ناوچەکانی وەک حەیفا، تەلئەڤیڤ و ناوەند و بنکەکانی ئەمەریکا لە کوەیت لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەیەوە کراوەتە ئامانج.