چەند هێرشێکی درۆنی دەکرێتە سەر سلێمانی

بەپێی سەرچاوە سەرەتاییەکان ڕژێمی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی شەوی یەکشەممە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە لە سلێمانی و هێرشەکە لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە.

هەروەها هێرش کراوەتە سەر زڕگوێز کە بارەگای حزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی لێیە و بەوهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان هێرش کراوەتە سەر بەشی پشتەوەی هۆتێل تایتانیک لەسەر شەقامی شەست مەتری سلێمانی کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی لێییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای لێبوردنێکی نائاسایی گشتی لە وڵاتانی دراوسێی کرد کە بەهۆی کردەوەکانی ئێرانەوە لە کاتی پەرەسەندنی ململانێکان کاریگەرییان لەسەر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دەوڵەتانی نزیک، مەگەر لە خاکی وڵاتەکەیانەوە هێرش بکرێتە سەر ئیران.

ڕۆژی 28 ی مانگی دوو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی ئێران لە ناوچەکە و سنووردارکردنی تواناکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی.

لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەییشەوە. سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران لە ناو براوە.

ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانیشی لە بەرامبەردا سەدان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

سەرکردەکانی ناوچەکە هێشتا نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەتوانن قەیرانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، شەڕەکە زیاتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبێتەوە.