سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دۆخی ناوچەکە دەکەن

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و تیایدا باسیان لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە.

ئاژانسی فەرمی ئەنادۆڵۆی تورکیا دەڵێت لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی دژی ئەو کارانەی کە دەتوانن ناوچەکە بەرەو کارەساتی درێژخایەن ببەن، هەروەها بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و گروپە سەر بە ئەوان دەکرێت."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان بارزانی و ئەردۆغان دەڵێت "هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت لە ئەردۆغان سوپاسی بارزانیشی کردووە "بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا."

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڵمەتێکی سەربازییان دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکرد بە بەستی ڕێگری کردن لە ڕەفتارە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکە و لەناوبردنی هەوڵەکانی بۆ خواستی ناوکی و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی.