بافڵ تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان هیچ بەرگرییەکی دژە درۆنیی نییە

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە "مەیدانی" جەنگێکی خوێناوی و داوایکرد کورد ببێت بە "پردی دایەلۆگ نەک ڕمی شەڕ" لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نیوزدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە نەبوونی توانای بەرگری هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئێمە هیچ توانایەکی بەرگریمان نییە دژ بە هیچ درۆنێک."

سەرۆکی یەکێتی نیگەرانی لە ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە دەربڕی، بەوەی ترسی هەیە پێکدادانەکان زۆر بخایەنن، وە دەڵێت "ڕۆژانی سەختمان لەبەردەمە."

گوتیشی، "کوردستان لە چەندین گۆشەوە هێرشی کراوەتە سەر و من هیچ ئاماژەیەک بۆ خاوبوونەوەی گرژییەکان نابینم، بەڵکو بەرزبوونەوەی ئالۆزییەکان دەبینم."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەنجامی داوە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "ئەو [سەرۆک ترامپ] زۆر میهرەبان بوو. دەمتوانی لە دەنگەکەیدا هەست بە سوزی ئەو بکەم. گوتی، 'کوردەکان شەرکەری مەزن بوونە.' بە گوێرەی تێگەیشتنی من، پاراستنی خەڵکانی [ئەمەریکایی] لە عێراق زۆر گرنگبووە [بۆ سەرۆک ترامپ]. ئەو زۆر پێزانینی هەبوو بۆ هەموو ئەو ساڵانەی کە خزمەتمان کردووە و من خزمەتم کردووە لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئێوە [ئەمەریکا]."

سەرۆکی یەکێتی داوای کرد، دوای ئەوەی ئەمەریکا ئامانجە سەربازییەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران بەدەستهێنا، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بدرێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

سەبارەت بە جوڵەی حزبەکانی کوردستانی ئێران، بافڵ تاڵەبانی ڕەتیکردەوە هیچ جموجۆڵێکی پەڕینەوە بۆ نێو سنوری کوردستانی ئێران هەبێت. هەروەها مەترسی خۆی نیشاندا لە کاردانەوەی ڕژێمی ئێران و تورکیا لە ئەگەرێکی وەهادا.